پرسەنامە: لەسەر كۆچی دوایی دوڕەیا عەونی

پرسەنامە:

لەسەر كۆچی دوایی دوڕەیا عەونی

بە داخ و پەژارەیەكی زۆرەوە ھەواڵی كۆچی دوایی دوڕەیا عەونی مان بیست. خاتوونی بەرێز دوڕەیا عەونی ئەندامی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان – كنك دوێنێ 15ی ئازاری 2015 لە قاھیرەی پایتەختی وڵاتی میسر ماڵئاوایی یەكجاری لێكردین و كۆچی دوایی كرد.
دوڕەیا عەونی رۆژنامەنووس و نووسەرێكی كوردی میسرە. لە لایەنی بنەماڵ و نەژادەوە خەڵكی شاری سێورگی باكوری كوردستانە و كچی نووسەری كورد محەمەد عەلی عەونی بەگە و لە دایكەوە میسری یە. وەك رۆژنامەوان و نووسەر لەسەر كورد و كوردستان خەباتی زۆر و بەرچاوی ئەنجام داوە. لە پێناو ناساندنیگەلی كورد و كوردستان، لە ھەموو دیدار، كۆبوونەوە، كۆنفرانس و پلاتفۆرمەكاندا جێگای ھەبووە و گوتار و سەرنج و قسەی لەمەڕ كورد و كوردستان ھەبووە و بە دڵ و گیان پشتگیری تەواو و ئەكتیڤی بۆ پشتیوانكردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی و نیشتیمانی كورد و كوردستان كردووە.

لە گشت كۆڕ و كۆبوونەوە و دیدارەكاندا یەكیەتی گەلی كوردی ویستووە و بۆ ئەم ئامانجەیش لە ھەوڵ و تێكۆشاندا بووە. بۆیە لە كۆبوونەوەی دامەزراندنی كنك دا بەشداری كردووە و تا ساتەكانی مردنیشی ھەر بە ئەندامی كنك ماوەتەوە. لە ھەر كەیس و روداو و بۆنەیەكی نەتەوەیی گەلی كورد و كوردستان دا خۆی دەگەیاندە ئەوێ و راو بۆچوونی تایبەتی پێشكەش دەكرد. بەڵێ ئەو لە باوكێكی كورد و دایكێكی عەرەب بوو ھەر بۆیەش بۆ برایەتی ھەردوو نەتەوەدا وتەی تایبەتی خۆی ھەبوو و لە پێناویدا كاری دەكرد. دوڕەیا عەونی عاشق و دێوانەی وڵاتی باوكی خۆی بوو و ھەموو كاتێك باسی لە جوانی و سەرنجڕاكێشی كوردستانی دەكرد.

كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان – كنك بە كۆچی دوایی ئەندامە دڵسۆزەكەی خۆی خاتوو دوڕەیا عەونی غەمبارە. بۆیە یەكەم جار سەرخۆشی لە گەلی كورد و خۆمان و ھەموو ئەندامنی كنك دەكەین و پرسەی بۆ رادەگەیێنین. ھەروەھا سەرەخۆشی لە بنەماڵەكەیان دەكەین. خاتوو دوڕەیا ھەمیشە لە یادمان دا دەمێنێتەوە و گیان و مەقامی رەوان.

كۆنسەی بەرێوەبەری كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان – كنك
16 ی ئاداری 2015 ، برۆكسل