پیرۆزبایی: نەورۆزتان پیرۆز بێت

نەورۆز جەژنی رێز و جەژنێكی ئاینی نیە. بەڵكو جەژنێكی نەتەوەیی، نیشتیمانی، مێژوویی، داب ونەریتی، كۆمەڵایەتی، فۆلكلۆریك و كولتوری گەلی كوردە. نەورۆز لە دژی ھەموو رەنگێكی زوڵم و زۆر و ستەمێكە. جەژنی سەرھەڵدان و راپەرین و جەژنی ئازادی و سەركەوتنە. جەژنی ئاوەدانكردنەوەی ژیانێكی نوێیە. نەورۆز جەژنی یەكیەتی یە. گەورەیی نەورۆز لەو كاراكتەرانەوە سەرچاوە دەگرێ. كورد و كوردستانیان، گەلانی دراوسێی بە رەگەز ئاریایی بە قەدر و قیمەتەوە ئەم جەژنە پیرۆز دەكەن. كورد و كوردستانیان ھەر لە سەرەتەوە نەورۆزیان لە سەر زەمینەیكی بیر و باوەڕی مرۆیی ئافڕاندوە و ئاگریشیان كردۆتە سیمبولی ئازادی و ئەم رۆژەیان پێ گەرم و گوڕ كردووە و بەم رۆحیەتەوە پیرۆزیان كردووە. ھەمووساڵ نەورۆزیان كردوەتە مەیدانێك لە پێناو ئازادی و سەرفەرازی و میھرەجان و خۆشی و كامەرانی خەڵك و بەجۆش و خرۆشەوە یاد و پیرۆز كراوە.
ساڵ دوای ساڵ، نەورۆز مەزنتر و شكۆتر پیرۆز دەكرێ. نەورۆز بە واتا جەوھەریەكەی خۆیەوە ئیدی ھەنگاو بە ھەنگاو ئازادی و رزگاری كورد و كوردستان ئەھۆنێتەوە. پێش بیست – سی ساڵ پێش، نەورۆز لە كوچە و كۆڵانە تەنگەكان و لە نێو چوار دیواراندا پیرۆز دەكرا. بەڵام ئەمڕۆ لە مەیدانە بێ سەروبنەكان بە جۆش و خرۆش و ئاپۆرەی ملیۆنان خەڵك پیرۆز ئەكرێ. نەورۆز بۆ كورد و كوردستانیان پیرۆزیەكی ئەركداری نەتەوەیی و نیشتیمانیە و ئیدی ناكرێ فەرامۆش بكرێ، بۆیە بە جێگەیاندنی ئەركەكانی و پیرۆزراگرتنی خەبات و بەرخۆدان و خۆرگریە لە دژی داگیركەری و داگیركەران. گەلی كورد و كوردستانیان لەماوەی ئەم چەند ساڵە دا بە تێكۆشان وخەباتی گەورەوە و دژوارەوە زۆرێك لە دەستكەوتی بەدەستھێناوە و بوونەتە خاوەن پێگە. لە باشوری كوردستان خۆسەریەك پێكھاتووە و نەورۆز تیایدا بە شادی و كامەرانی گەوەرەوە پیرۆز دەكرێ. لە باكور و رۆژھەڵاتی كوردستانیش نەورۆز وەك و سەنگەرێكی پۆڵاینی خەبات و تێكۆشان پیرۆز دەكرێ.
لە نەورۆزێك بۆ یەكێكی تر كورد و كوردستانیان ھەنگاوێكی تر نزیكی سەركەوتنی مەزن و پیرۆز دەبنەوە. نەورۆزی ئەمساڵیش بە بەرەوپێشچوونی قۆناخێكی مەزنترەوە بۆ بەدەستخستنی ئازادی و رزگاری كوردستان ھەنگاوی ناوە.
كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان – كنك لەو باوەڕەدایە كە پێشەنگ و رێبەرانی كورد و كوردستانی لە سەرانسەی وڵات، لە م نەورۆزە دا مژدەی ئازادی، دیمۆكراسی، شادی و كامەرانی پێشكەش بە گەلەكەمان دەكەن. بەتایبەتی لە نەورۆزی ئەمساڵی باكوری كوردستان، بە پەیامی سەرۆكی پ ك ك – ك ج ك بەڕێز عەبدڵا ئۆجالان، ھەیەجان و ئومێدێكی گەورە سەریھەڵداوە، كە ئامانجی گەورەتری تێكۆشانی ئازادی كورد و كوردستان دەستەبەر بكرێ.
پێویستە نەورۆزی ئەمساڵ لە تەواوی كوردستان و لە مەیدانەكانی دیاسپۆرا – تاراوگە، لە لایەن ھەموو كورد و كوردستانیانەوە بە ھێزو جۆش و خرۆشێكی گەورەوە پیرۆز بكرێ. بە جۆرێك بانگی ئاشتی ، ئازادی و ئارامی لە ئەنقەرە. لە تاران، لە بەغدا و شام بە خوڕ تر دەنگ بداتەوە. ھەڵبەتە پیرۆزی نەورۆز ئەبێ لە ئامەد، مەھاباد، ھەولێر و قامشلۆ و كۆبانێی بریندارو سەربڵند و عەفرین و ھەروەھا لە شەنگالیش دەنگبداتەوە، كە دونیا بە دەنگی بڵندی نەورۆزی كورد و كوردستانیان بھەژێ و گوێ لە خەڵكی زوڵملێكراو و تێكۆشەر و خاوەن بڕیار بگرێ.
كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان – كنك لە نەورۆزی ئەمساڵی 2015 دا ھیوا و ئومێدی زیاترە كە گەلەكەمان لە ئامانجی پیرۆزی ئازادی و رزگاری كورد و كوردستان نزیكبوەتەوە.
كنك – بەم بیر و ھزر و باوەڕەوە، بەو ھیوا و ئامانجەوە جەژنی نەورۆزی كورد و كوردستانیان و گەلانی دراوسێ پیرۆز دەكات.
نەورۆز پیرۆز بێت.

كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان