ھەڵەبجە لە یاد ناكەین

ھەڵەبجە لە یاد ناكەین
با بەیەكەوە كار بۆ بە جینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیەكانی كورد بكەین

ئەمڕۆ یادی 27 ساڵەی كیمیابارانی ھەڵەبجەیە. پێش 27 ساڵ و لە 16 ی ئازادی ساڵی 1988 دا، رژێمی شۆڤینستی داگیركەری عێراق بە جەكی قەدەغەكراوی كیمیاوی ژەھراوی كۆمەڵكوژیەكی گەورەی لە سەر خەڵكی سڤیل و بێدەسڵاتی شاری ھەڵەبجە ئەنجام دا. كە لە ئانجامیدا نزیكەی 5000 مندال، ژن، پیاو پیر و كال بوونە قوربانی و شەھید كەوتن.
بۆمبارانكردنی ھەڵەبجە، یەك بوو لە زنجیرە تاوانەكانی ھەڵمەتی سیاسی لە میانەی پرۆسەی ” زەوی سووتاو” لە باشووری كوردستان بە دەستی رژێمی فاشیستی داگیركەری بەعسی عێراق پیادە كرا و بە كیمیابارانكردنی ناوچەكانی بادینان، بالیسان شێخوەسانان و ھەڵەبجە بە ئۆپراسیۆنەكانی بەناوی ئەنفالەوە دەستی پێكردبوو دێ. بە نیاز و ئامانجی ئەوەی كە گەلی كورد و كوردستان لەناو ببات.
ھەر لە سەرەتای دەسەڵاتوەرگرتنی رژێمی بەعس و پێشتریش رژێمە یەك لە دوایەكەكانی دەوڵەتی عێراق، كۆشتن و كۆمەڵكوژی كوردان پیادەكراوە. لە حەفتاكانی سەدەی رابردوو وەكو سەگی ھار كەوتنە گیانی كوردانی فەیلی و بە ھەزارەھا خەڵكی فەیلیان بێسەروشوێن كرد و چەندەھای تریشیان لە سەر خاكی خۆیانیانین راگوێزی وڵاتی ئێران كرد و تاوەكو ئێستاش چارەنووسی گەلێكیان دیار نیە. لە سەرەتاكانی ساڵانی ھەشتاكان دا 8 ھەزار بارزانیان لە بیابانەكانی عێراق بە ساخی زیندە بەچاڵكرد. لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفالەكانیش دا ھەر لە بادیناەوە تا گەرمیان زیاتر لە 182000 لە خەڵكی سڤیل لە منداڵ و ژن و پیری گەلەكەمانیان ئەنفال و جینوسایدكران.
ئەوەی كە لە ھەڵەبجە رویدا، یەكێك بوو لە تاوانە ھەرە نامرۆڤانە و دڕندانەی تاوانەكانی سەدەی 20 بوو. لە ماوەی چەند خولەكێكدا نزیكەی 5000 مرۆڤ بەیەكەوە كۆمەڵكوژكران. بۆیە ھەڵەبجە بووە ئازاری برینێكی ھەتاھەتایی كورد و مرۆڤایەتی و بەداخەوە ھەتاوەكو ئێستا ھەڵەبجە و تەواوی كۆمەڵكوژیەكانی كورد وەكو جینوسایدی میللەتێك لە دادگا نێودەوڵەتیەكاندا نەناسراوە.
بێگومان ھەوڵ وكۆشش و كار و خەبات بۆ بە جینۆسایدناساندنی كەیسەكان ھەبووە و كراوە و لەھەمان كاتیشدا بەردەوامن، بەڵام ئەوەی كە بەدەست ھاتووە تەنھا لە چوارچێوەی تاوانی مرۆڤی قەبوڵكراون و نەبوونەتە كەیسی سیاسیانە. ھەڵبەتە لە بەرامبەر ئەم و ئەو ھەوڵانەدا رێگری و بەربەست ھەن، بەتایبەتی بەرژەوەندی دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان بە دەوڵەتە خاوەن بڕیارەكانی جیھان. لەھەمان كاتیشدا دەولەت و كۆمەڵگای نێونەتەوەیی جیھان نەیانویستووە ئەركی ئەخلاقی ق مرۆییلە سەر شانیان دانێن، لەبەر ئەوەی ئەگەر بە رەسمی و سیاسیانە كەیسەكان قەبوڵ بكەن ئەرك و پێویستی بە جێبەجێكردنی داننان بە مافەكانی گەلی كورد و كوردستان دەبێت و دەبێ كورد و كوردستان بپارێزن. ھەروەھا پەیەندی و بەرژەوەندیە ئابوریاكانیان بە دەوڵەتە داگیركەركانی كوردستان دەكەوێتە مەترسیەوە.
كارەساتی تراژیدی ھەڵەبجە، لە رووی مرۆڤایەتیەوە بووە ناسنامەی مەزلومیەتی گەلی كورد. چۆن ئێستا كۆمەڵكوژیەكەی شانگالیش بە ھەمان ئاراستەی ناسنامە وە دەڕوانێ. لە تەنیشت ئەم ناسنامانە بەرخۆدانە قارەمانانەی ھێزەكانی پاراستنیش بە تایبەتی بەرخۆدانی كۆبانێ و یەكسەنگەری پاراستنی ھاوبەشی ھێزە كوردی و كوردستانیەكان لە بەرامبەر و دژی تیرۆرستەكانی داعش و چاودێری و ھەماھەنگی دەوڵەتانی جیھان بە یارمەتیدان و پشتیوانیان لە خەبات و تێكۆشان و بەرخۆدانی كوردان لە بەرامبەر گەورەترین ھێزی تیرۆری جیھان دا ھێزێكی گەورە و دەرگای پەیوەندی بەرفراوان دەداتە بەر ئامانجە پیرۆزەكانمان و دەرفەتی زێڕێنن كە بۆ كورد و كوردستانیان رەخساون.
كار وئەركی دیپلۆماسی بۆ مەبەستی بە جینۆساید ناساندنی كۆمەڵكوژی و ئەو زوڵمانەی كە دەرحەق بە گەلەكامان كراوە، دەرفەتێكی نایاب و كەم وێنەن كە بتوانرێ بە یەكەوە ھەموو ھێز و كۆمەڵگای كوردستانی لە پلاتفۆرمێكی یەكیەتی نەتوەییدا لە چوارچێوەی كۆنگرەی نەتەوەیی كۆببینەوە و پێناسەیەكی یەكتا و رەوان بدەینە واتا و مانای ھەموو ئەو كۆمەڵكوژیانەی كە بەسەر كورد دا ھاتووە. بە یەك دەنگی و یەك گوتاری بە یەك ئامانجی نەتەوەیی و نیشتیمانی لە رێكەوتنێكی ھەمەلایەنەی ستراتیژیك و بە یەك ئیرادە و خواست داواكاریەكانمان بگەیێنینە سەكۆكانی نێودەوڵەتی و جیھان. ئەو كاتە ئێمە لەو باوەڕەداین كە پشتگیری و زەمانەتی بەدەستھێنانی مافی چارەنووسی گەلی كورد و كوردستان بەدەستدەخەین.
ئێمە ھەڵەبجە قەت لەیاد ناكەین، وەك چۆن دێرسیم، مەھاباد، مەریوان، عامودا، رۆبۆسكێ، ئەنفالەكان بەگشتی، جینۆسایدی بارزانیەكان، كوردانی فەیلی، شەبەك، یارسان، ئێزدی و كۆمەڵكوژی شەنگال و ھەموو ئەو كۆمەڵكوژیانەی كە بە دەستی دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان بەسەر گەلەكەمانیان ئەنجام داوە لە یادمان دەمێنێت و لە بیریان ناكەین.
بۆ شەھید و پاكڕەوانانی ھەڵەبجە، گیان و روحیان وەبیر دێنین و سڵاو دەكەین.

كۆنسەی بەرێوەبەری كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان – كنك
2015.03.16، برۆكسل