رۆژهەڵات ( ئێران )

راگەیێنراوی ك ن ك: بە بۆنەی كۆچی دوایی ھۆنەرمەند مامۆستا عەباسی كەمەندی

راگەیێنراوی ك ن ك:
بە بۆنەی كۆچی دوایی ھۆنەرمەند مامۆستا عەباسی كەمەندی

بە داخ وپەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی لە ناکاوی کۆچی دوایی هونەرمەندی مەزنی کورد {عەباسی کەمەندی) مان پێگەیشت، مردنی ئەم کەڵە هونەرمەندەی کورد، لە ناخەوە ڕایچڵەکاندین و هەموومانی دوچاری خەمێکی گەورە کرد. بە هەمان کات هەموو پانتایی جیهانی مۆزیکاو هونەری ڕەسەنی کوردی هەژاند و ماتی بارانە ناو دەروونی هونەر دۆستانەوە.

مامۆستا کەمەندی بەدریژایی تەمەنی, هەرگیز لە کار و خەباتی هونەری گۆرانی و مۆزیکی کوردی دانەبڕاوە، هاوکات هەڵبەستەوانیکی کارا وئاشقبەندێکی سەرچڵی نیگارکێشی بووە. ئەو لە پێشەوەی ئەم کاروانەدا بەردەبازێکی بێ ووچان و بلیمەتێکی ماندوو نەناس بووە. ئاوازی ورووژێنەر و سیحری دەنگ و ڕەسەنایەتی لە دنیایی مۆزیکدا مۆرک و سیمای ئەو بوو. بۆیە ئەستێرەیەکی پڕشنگدار بوو لە ئاسمانی هونەرو کەلتووری کوردیدا. بە کۆچی دوایی و ماڵ ئاوایی کردنی لێمان، سەرەڕای ماتەمینی فرە و تاساندنی هەست و ئاوێتە بوونی خەم لە ڕۆحماندا، بەڵام جیهانی ئەو بۆ هەتا هەتایە لەو ئاسمانەدا ئەگەشێتەوە،هەروەها کەشکۆڵە هونەرییە پڕ لە بلیمەتیەکەی وەک قوتابخانەیەک درێژەی پێدەدرێ.

ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (ك ن ك) بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە سەرخۆشی لەکەسوکار و بنەماڵە و هونەر دۆستان و تەواوی گەلی کوردستان دەکەین. هەروەها داو لە دەزگا و ئۆرگانە تایبەتمەندیەکانی هونەری مۆزیکی کوردی دەکەین کە ژیان و بەرهەمەکان و جیهانی مۆزیکی رەسەنایەتی ئەم هونەرمەندە مەزنە پەرە پێ بدەن و پیپارێزن. بەهەمان کات ڕێز و شکۆمەندی و تاجە گوڵ بە هونەرەکەی و خێزانەکەیان ببەخشن.

مامۆستا عەباسی کەمەندی دەنگێکە بەردەوام لەگوێماندا، لەکۆڵان و سەر سەکۆ و بەر هەیوان و ژووری تاری ڕاکشاوی بەر چراو لاپەناگای مێژوو و ڕووخساری کوردەواریماندا بۆ هەتایە دەزرینگیتەوە…..
هەزار سڵاو لە گیانی پاکت

كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان
22 ی گوڵان 2014 – برۆكسل