بەخێر بێن بۆ ماڵپەری فەرمی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان كنك

دەستپێك ▶

بۆ رای گشتی; لە بەرامبەر توناكردنیان، خاوەندارێتی ئێزدیەكان بكەن

بۆ رای گشتی
لە بەرامبەر توناكردنیان، خاوەندارێتی ئێزدیەكان بكەن.

زۆر جار مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە. چۆن ئەمڕۆ لە مانگی خەرمانان دا ھەر وەك ساڵی 2007، كوردانی ئێزدی دووچاری توناكردنی بێبەختانە و بەدناو ھاتن.
كوردانی ئێزدی لە 14 ی خەرمانانی 2007 دق، لە ناوچەی شنگال، لە گوندەكانی شبا، شێخ خدر و خزێر، دوچاری ھێرشێكی دڕندانە و روڕەش بوون. لە ئەنجامی ئەو ھێرشە تیرۆرستیەدا ، 450 كەس بوونە قوربانی.
ئێمە لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان – كنك، ئەو كۆمەڵكوژیە و قوربانیانی ھەرسێ گوندی شبا، شێخ خدر و تلخزێر بە دڵسۆزی و ئەمەكەوە بە بیردێنینەوە. ئەنجامدەرانی ھێرشكەر و تاوانبارانیش وەك دوژمنانی مرۆڤایەتی رادەگەیێنین.

ئەمڕۆ لە شنگال، لە دەوروبەری موسڵ لە دژی گەلەكەمان بە ھەمان ئامانج و لەلایەن لایەنی ھێزە تاریكبینەكانەوە كە وەك چەتەكانی داعش دەناسرێنەوە ھێرشی توناكردن پێكدێنن . ئەو فەرمانانەی كە لە دژی ئێزدیەكان لە رابردوو و ئەمڕۆیش ئەوە ئاشكرا دەكات كە گەل و كۆمەڵی بێ پاراستنی جەوھەری ھەموو كاتێك مەحكومی لەناوچوونە. پێویستە دەرس لە مێژوو وەربگیرێ و كوردانی ئێزدیش ھەروەھا كورد بە گشتی و نەتەوە جیاكانی تریش و ئەو كۆمەڵانەی كە خاوەنی باوەڕی تایبەتی خۆیانن لە كوردستان دا، لە ژێر یەك چەتر دا خۆیان رێكبخەن و وەكو ئەوەی كە لە مەخمور و شنگال پێكھاتووە، ھێزی ھەماھەنگ بۆ پاراستن دروست بكرێن.
خەمساردی لە بەرامبەر رووداوی وەكو ئەوەی كە لە گوندەكانی شبا، شێخ خدر و تلخزێر، لە 14 ی خەرمانانی 2014 دا رویدا، ئەمڕۆیش دەبێتە ھۆكاری كۆكوژیەكەی شنگال. پێویسە رای گشتی جیھانی لە بەرامبەر روداو و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیەی لەم شێوەیە بە وشیارانە یەكدەنگ بێت.
كۆكوژیەكەی 14ی خەرمانانی 2007 ی دژ بە كوردە ئێزدیەكان تەنھاو تەنھا كردارێكی روڕەشانە و بێبەختی یە. كوردانی ئێزدی زیاتر لە 70 جارە دوچاری فەرمانی قڕكردن و لەناوبرن بوونەتەوە. بەڵام ئەوان بە شەڕەف و كەرامەتی بەرخۆدان و ئازایانە نرخ و بەھاكانیان پاراستووە. ئەبێ كوردانی ئێزدی ئەمڕۆیش لەناو بزووتنەوەی ئازادی كورد دا جێگا بگرن، نرخ و بەھا پیرۆزیەكانیان، خاكی خۆیان شان بەشانی براكانیان، ئاسوری – سریانی – كلدانی بپارێزن.

كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان – كنك بانگەوازی ھێزەكانی ناوەوەی كوردستان دەكات بە پەلە یەكیەتی خۆیان سازبكەن و لە بەرامبەر ھێرش و كوشتار و نەھێشتن، ھێزەكانیان یەكبخەن.
لەھەمان كاتدا،ئێمە بانگی ھێزە نێونەتەوەییەكان، رێكخستنە نێونەتەوەییەكان، وەك یەكیەتی ئەوڕوپا، نەتەوە یەكگرتوەكان و رێكخراوە پەیوەندیدارەكان بە گشتی دەكەین، كە لە بەرامبەر تاوان و كوشتارەكانی دژ بە مرۆڤایەتی دا بێ دەنگ نەمێنن و بێنە دەنگ.

دیسانەوە، ئێمە لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان- كنك كۆكوژیەكەی 14 ی خەرمانانی 2007 بە توندی شەرمەزار دەكەین و شەھیدان و قوربانیانی گوندەكانی شبا، شێخ خدر و تلخزێر بە دڵسۆزی وئەمەكەوە بە بیردێنینەوە و یادیان بە خێر دەكەین. ھەروەھا ھەمدیس بانگی ھێزە سیاسیەكانی كورد و كۆمەڵانی خەڵك بە گشتی دەكەین كە لە مێژوو سوود وەربگرن. لە ھێرش و كۆمەڵكوژی و بێبەختیەكانی ئەمڕۆ دەرس وەرگرن و لە پێناو یەكیەتی نەتەوەیی و ھێزی ھاوبەشی پاراستنی كوردستان لە ھەوڵ و خەباتدا بن.

كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان – كنك
15 ی خەرمانان 2014 – برۆكسل

ئەنجامنامەی چواردەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان- كنك

ئەنجامنامەی چواردەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان- كنك

چواردەمین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لە رۆژانی 31ی گوڵان و 01 ی جۆزەردانی 2014 لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا، بە بەشداری 184 لە كەسایەتی و نوێنەرانی ژمارەیەكی زۆر لە پارت و رێكخراوی سڤیل لە ھەر چوار پارچەی كوردستان و تاراوگە پێكھات.
لە كارنامەی كۆبوونەوەكەدا، بارودۆخی سیاسی و پێشھاتە ھەنوكەییەكانی كوردستان، رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھان بە بەرفراوانی وتووبێژ و باس و خواستیان لەسەر كرا. لە ھەمان كاتدا پەیامی پارتە سیاسی، رێكخراوەكانی سڤیلی كوردستانی و تاراوگە ( دیاسپۆرا ) خوێندرانەوە.
لە پەیامەكاندا پتەوكردنی رۆل و مسیۆنی كنك و خەبات و تێكۆشان بۆ یەكێتی نەتەوەیی، نیشتیمانی و پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كورد و كوردستان پێشكەش كرا. لە تەواوی وتووێژ و پەیامەكاندا لە سەر سیستەمی خۆسەرێتی دیمۆكراتیكی رۆژئاوای كوردستان، پاراستنی دەستكەوتەكانی ھەرێمی كوردستان و گەڕان بەدوای دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ ئەو قەیرانەی كە لە نێوان ھەرێم و بەغدا دا سەری ھەڵداوە باسكرا. ھەروەھا پرۆسەی چارەسەری دیموكراتیك لە باكور، بۆ سەركەوتنی پرۆسەكە و چارەسەری دۆزی كورد بە گشتی بە ئازادكردنی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بەرجەستە دەبێت. لەگەڵ ئەو سیاسەتە تایبەتەی رژێمی ئێران لە دژی گەلی كورد و گەلانی ئێران بەگشتی، كە خۆی لە سێدارەدانی كچ و كوڕانی كورد و بە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ دەبینێتەوە، بۆ دەربازبوون و بەرپەرچدانەوەی ئەو زوڵم و تاوانانە دەبێ بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان لە رۆژھەڵات ھەماھەنگ و یەك دەنگ بن و خەبات و تێكۆشانیان بەھێزتر بكەن.ھەروەھا پرسی ژن و تەواوی كێشە كۆمەڵایەتیەكانی تر لە كوردستان تاووتوێ كرا.
جڤاتی گشتی چواردەیەمین بە بەرفرەوانی تەوەرەكانیەوە بە شێوەیەكی دیموكراسیانە و گیانی لە یەك گەیشتن ئامانجەكانی خۆی پێكا. ھەروەھا پەیمان و پەیڕەوی كنك نوێكرایەوە بە گونجاندنی لە گەڵ ئەو گۆڕانكاریانەی لە ماوەی رابردوودا ھاتونەتەپێش، پاشان لەلایەن جڤاتی گشتی یەوە پەسەند كرا.
لە ئانجامی گفتوگۆ و وتووێژەكاندا ئەم خاڵانەی خوارەوە وەك پێشنیار راسپاردە و داواكاری خرانە روو:

1. كنك، وەك گەورەترین دەزگای نەتەوەیی، بەردەوامی بە كاروخەباتی خۆی دەدات و جڤاتی 14مین ئەوەی دەرخست كە بوون و بەھێزبوونی كنك ە پێویستیەكی ھەرە گرنگە بۆ كۆكردنەوە و ھەماھەنگی و بەیەكەوە كاركردنی ھیزە سیاسی و دینامیكە نەتەوەییەكانی كوردستان بۆگەیشتن بە مافی چارەنووس گەلەكامان.
2. كنك، پشتگیری دەستكەوتەكانی گەلەكەمان لە ھەموو بەچەكانی كوردستان دەكات و ھەر دەستكەوتێك لە ھەر بەشێكدا سەركەوتنە بۆ ھەموو كوردستان. بۆیە بانگی ھەموو پارت ورێكخستنەكانی كوردستان دەكەین، كە رۆڵی نەرێنی ببینن لە پشتگیری و پاراستنی ئەو دەستكەوتانە.
3. كنك، پشتگیری لە پرپسەی ئاشتی و دیموكراسی لە باكوری كوردستان دەكات و داوا دەكات ئەم دیالۆگە لەسەر بنچینەیەكی یاسایی ببێتە دانوستانێكی فەرمی لە نێوان حكومەتی توركیا و بزاڤی ئازادیخوازی كوردستان. لە بێناو سەركەوتنی ئەم پرۆسەیەدا پێویستە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بكرێت بۆ ئەوەی رئڵی سروشتی خۆی بگێڕێ.
4. كنك، پشتگیری لە دەستكەوتە سیاسی و كلتوری و بە دەستخستنی شارەوانیەكان لە ڕێگای ھەڵبژاردنەكانەوە دەكات و دەیپارێزێت.
5. كنك، پشتگیری خۆسەری دیموكراتیك لە رۆژاوای كوردستان دەكات و داوا لە ھەموو رێكخراوە سیاسیەكانی كوردستان دەكات كە پشتگیری بكەن. ھەروەھا داوا دەكات كێشە ناوخۆییەكان بە گفتوگۆ و دیالۆك چارەسەر بكرێن.
6. كنك، پشتگیری لە دەستكەوتەكانی ھەرێمی كوردستان لە باشور دەكات و پێداگری لەسەر گەڕانەوەی ناوچە دابڕاوەكان دەكات، وە داوا دەكات كێشە و پرسگرێكانی نێوان ھەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی لە بەرژەوەندی گەلی كوردستان چارەسەر بكات.
7. كنك، سیاسەتی رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران لە دژی گەلی كورد و گەلانی تری ئێران مەحكوم دەكات و سیاسەتی زیندانیكردن، ئەشكەنجەدان و لە سێدارەدانی چالاكوانی سیاسی و سڤیل و كاسبكارانی بژێوی شەرمەزار دەكات.
8. كنك، كوشتن و زوڵم و زۆری لەسەر ژنان، وەكو كوشتن و ئەتككردی مرۆڤایەتی دەبینێت. ھەموو تاوانێك بەرامبەر بە ژنان شەرمەزار دەكات. داوا لە ھەموو پارت و رێكخراوە سیاسی و سڤیل و كۆمەڵایەتیەكان دەكات كە لە دژی ئەو تاوانكاریانە ھەڵوێست وەرگرن و خەباتێكی بێ وچان بكەن.
9. كنك، ئەو دەستدێژیەی كە لە ھەولێر كرایە سەر نووسینگەی كنك شەرمەزار دەكات و ئەم رەفتارانە بە ھیچ شێوەیەك خزمەت بە بەرژەوەندیە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكان ناكات.
10. كنك، بە پێویست دەزانێ بە بەرپرسیارەتیەكی مەزنەوە خاوەندارێتی زمان كوردی بكات و كلتور ودابونەریتە كۆمەڵایەتیەكان بپارێزێت و پێشیان بخات.
11. كنك، رۆڵی میدیا و دەزگا راگەیاندنەكانی كوردستان بە گرنگ دەزانێت، بۆیە ھەر دەستدرێژی و پێشێلكاریەك لە بەرامبەری قبوڵ ناكات و داوا لە ھەموو میدیاكار و دەزگاكانی راگەیاندن لە كوردستان دەكات كە رۆڵی ئەرێنی خۆیان ببینن و بە ئەركە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانی خۆیان بە جێبگەیێنن.
12. كنك، دەخوازێ گرنگی بە جیھانی رەوەندی كوردی بدرێت. لە ئەكتیڤكردن و رۆڵبینینی ئەركە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانیان بۆ پێشخستنی دۆزی گەلی كورد و كوردستان لە بواری دیپلۆماسی و دۆستایەتی گەلان دا پەرەپێبدرێ.
13. كنك، داوای پاراستنی مافە رەواكانی ھەموو نەتەوەكانی تری كوردستان دەكات.
14. كنك، بە توندی كوشتار و زۆڵم و زۆری لە سەر ئێزدیەكان شەرمەزار دەكات. بانگی گەلی كورد، پارت، سازی كۆمەڵایەتی و سیڤیل و ھەروەھا ھەردوو دەسەڵاتی باشور و رۆژاوای كوردستان دەكات كە ھاوكاری ھەمەچەشنە و پارێزگاریەكی جیدی كۆمەڵگای ئێزیدیەكان بكات.

جڤاتی گشتی چوارەیەمینی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان
1 ی جۆزەردانی 2014

راگەیێنراوی ك ن ك: بە بۆنەی كۆچی دوایی ھۆنەرمەند مامۆستا عەباسی كەمەندی

راگەیێنراوی ك ن ك:
بە بۆنەی كۆچی دوایی ھۆنەرمەند مامۆستا عەباسی كەمەندی

بە داخ وپەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی لە ناکاوی کۆچی دوایی هونەرمەندی مەزنی کورد {عەباسی کەمەندی) مان پێگەیشت، مردنی ئەم کەڵە هونەرمەندەی کورد، لە ناخەوە ڕایچڵەکاندین و هەموومانی دوچاری خەمێکی گەورە کرد. بە هەمان کات هەموو پانتایی جیهانی مۆزیکاو هونەری ڕەسەنی کوردی هەژاند و ماتی بارانە ناو دەروونی هونەر دۆستانەوە.

مامۆستا کەمەندی بەدریژایی تەمەنی, هەرگیز لە کار و خەباتی هونەری گۆرانی و مۆزیکی کوردی دانەبڕاوە، هاوکات هەڵبەستەوانیکی کارا وئاشقبەندێکی سەرچڵی نیگارکێشی بووە. ئەو لە پێشەوەی ئەم کاروانەدا بەردەبازێکی بێ ووچان و بلیمەتێکی ماندوو نەناس بووە. ئاوازی ورووژێنەر و سیحری دەنگ و ڕەسەنایەتی لە دنیایی مۆزیکدا مۆرک و سیمای ئەو بوو. بۆیە ئەستێرەیەکی پڕشنگدار بوو لە ئاسمانی هونەرو کەلتووری کوردیدا. بە کۆچی دوایی و ماڵ ئاوایی کردنی لێمان، سەرەڕای ماتەمینی فرە و تاساندنی هەست و ئاوێتە بوونی خەم لە ڕۆحماندا، بەڵام جیهانی ئەو بۆ هەتا هەتایە لەو ئاسمانەدا ئەگەشێتەوە،هەروەها کەشکۆڵە هونەرییە پڕ لە بلیمەتیەکەی وەک قوتابخانەیەک درێژەی پێدەدرێ.

ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (ك ن ك) بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە سەرخۆشی لەکەسوکار و بنەماڵە و هونەر دۆستان و تەواوی گەلی کوردستان دەکەین. هەروەها داو لە دەزگا و ئۆرگانە تایبەتمەندیەکانی هونەری مۆزیکی کوردی دەکەین کە ژیان و بەرهەمەکان و جیهانی مۆزیکی رەسەنایەتی ئەم هونەرمەندە مەزنە پەرە پێ بدەن و پیپارێزن. بەهەمان کات ڕێز و شکۆمەندی و تاجە گوڵ بە هونەرەکەی و خێزانەکەیان ببەخشن.

مامۆستا عەباسی کەمەندی دەنگێکە بەردەوام لەگوێماندا، لەکۆڵان و سەر سەکۆ و بەر هەیوان و ژووری تاری ڕاکشاوی بەر چراو لاپەناگای مێژوو و ڕووخساری کوردەواریماندا بۆ هەتایە دەزرینگیتەوە…..
هەزار سڵاو لە گیانی پاکت

كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان
22 ی گوڵان 2014 – برۆكسل

بۆ رای گشتی: ژینۆسایدی فەرھەنگی و نەتەوەیی یارسان لەژێر فشار و سێبەری ھەر پیرۆزیەكدا بێت شەرمەزاری دەكەین

بۆ رای گشتی:

ژینۆسایدی فەرھەنگی و نەتەوەیی یارسان لەژێر فشارو سێبەری ھەر پیرۆزیەكدابێت مە حكوم و شەرمەزار دەكەین.

لە كاتێكدا ھەرچی بەھا مرۆڤایەتیەكان بە تاكی مرۆڤ خۆی و كەلتور و شارستانی و فەرھەنگ و زمان و مێژووی نەتەوەی كورد ھەیە، ئەوا بۆ ھەیامێكی دوور و درێژە لەژێر رەحمەت و زەفەری قڕكردن، لەناوبردن، سڕینەوە، ناشرینكردن و تا دەگاتە جینۆساید كردن “كۆمەڵكوژی” مرۆڤی كورد. بەتایبەتی دوای واژووكردن و ھاتنە گۆڕێی جاڕنامەی مافەكانی مرۆڤ لە پەنجاكانی سەدەی ڕابردوودا، كە زۆرینەی دەوڵەتان ونەتەوەكانی جیھان بە ھەر چوار دەوڵەتە داگیركەرەكانی خاكی كوردستانە وە ئیمزایان لە ژێر ئەو جاڕنامەیە كردووەو، لە بەندی 18 ەی ئەو جاڕنامەیەدا وا ھاتووە كە (هه‌موو مرۆڤ مافی هه‌یه به‌‌ ئازادی سوود له‌ هزر و ویژدان و ئایین وه‌ربگرن). گەرچی بە درێژایی ئەو ماوەیە بە تایبەتی رژێمەكانی دەستەلادارانی دەوڵەتی ئێران لەو نەریتەیان دەستەوەستان نەوەستاون و ژەھری رق و كینیان بو سڕینەوە و لەناوبردن و سڕینەوەی گەلی كورد، بەتایبەتی ھەوڵدان بۆ ناشرینكردنی كەلتوور و ناسنامەو ئاین بەھا پیرۆزیەكانی بە ھێرشكردنی ئایدیۆلۆژیانەی بە پلانكراو و سیستەماتیك بۆ سەر پەیڕەوانی ئاینی یارییان ( یارسان) بەكار دێنن و تاوان ئەنجام دەدەن. وەك چۆن لە ساڵی رابردوو دەستدرێژیان كردە سەر زیاره‌تگای” سه‌ید فه‌ڕۆخ” كە له‌ شوێنه‌ پیرۆزه‌کانی په‌یڕه‌وانی ئایینی یارییانە له‌ گوندی” تاوێران” له‌ باشووری شاری کرماشان له‌ لایه‌ن هێزه‌کانی ئیتڵاعاتی ئێرانەوە تێکڕووخێندرا.
دواھەمین دەستدرێژیان لەو دوو سێ رۆژانەی دواییدا بە داخەوە چەند كاربەدەستێك سوكایەتیان بە پێرۆزیەكانی ئاینی یارسان دەكەن، لە كاتێكدا لە ناو یەكێك لە زیندانە ناڕەواكانی شاری ھەمەدانی ئێران بە زۆر سمێڵی ھاووڵاتیێك بەناوی کیۆمه‌رس ته‌مه‌ناک كە یەكێك لە زیندانیانی یارییانە تاشێوە! دیارە یارسانەكان ئەو جۆرە دەستدرێژییە لە ھەمبەر پرەنسیپەكانی ئایینی كەلتووری خۆیان بە سوكایەتیكردن و ئیھانەكردن دەزانن. ھەروەھا دوا بە دوای ئەو دەستدرێژییە بۆ دەربڕینی پەستی و بێزاری ئەو تاوانە، دوو گەنجی كورد ئاگر لە جەستەیان بەردەدەن، ئەوانیش ” نیكمەرد تاھیری “ كە یەكسەر گیان لە دەستدەدات و ” حەسەن رەزەوی “ یش  كە ئێستا لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری دایە.
ئێمە لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان، ئەو جۆرە رەفتارە نا مرۆڤانییە لە دژی كوردستانیان مەحكوم و ریسوا دەكەین و داوا لە دەستھەڵاتدارانی دەوڵەتی ئێران دەكەین كە بە زووترین كان داوای لێبوردن لە خەڵكی كوردستان بكەن و ئیتر ڕێنەدەنە كاری وا كە دژ بە ھەر بیر و ھزرو نەریتێك بێت و رەفتاری لەو جۆرە نا یەكسانی و جیاوازیگەرانە بنەبڕ بكرێت. بەتایبەتی پیرۆزیەكانی نەتەوەیەك كە بە ھەزاران ساڵە بە بەردەوامی لە ژێر زەفەری ئەو رەفتارە نامرۆڤایەتیەدا دەكرێ و نە توانراوە لەناو ببرێ.
داوا لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و ئازادیخوازو گەلانی ئێران دەكەین بە رێكخراو و دەزگاو سازی و مێدیاكانەوە بە گشتی، كە بە دەنگ ئەو كردارە قێزەوونانەوە بێن و شەرمەزاری بكەن و چالاكانە دەنگ ھەڵبڕن.

كۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
برۆكسل 10 ی جۆزەردانی 2013